لە درێژەی کارو چالاکییە زانستی و رۆشنبیرییەكانی بەشی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە كۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی (19/1/2023) کۆڕێکی هونەری و ڕۆشنبیری بۆ ناساندنی کتێبی (فەرهەنگی دیپلۆماسی (كوردی – ئینگلیزی)) لە نووسینی (م.هاوكار حمەفەرەج) سازدرا.
شایەنی باسە كۆڕەكە لە ژێر ناونیشانی (پەرتووكی فەرهەنگی دیپلۆماسی و كورتە باسێك دەربارەی كاروباری دیبلۆماسی و كونسولی) بەڕێوەچوو، لەم کۆڕەدا نووسەر ڕۆشنایی خستە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکەی، لە سۆنگەی بایەخی ئەم جۆرە لێكۆڵینەوە زانستییانە كە سەرچاوە دەگرێت، لە هەلومەرج و رووداوە قەیراناوییەكانی ئێستای جیهان، پرۆسەی دیبلۆماسی بە ئامانجی چارەسەركردن گرنگییەكی زۆری پێ بەخشراوە، لەم ڕووەشەوە وێنەی دیبلۆماسی مۆدێرن و زمانی دیبلۆماسی لە وڵاتەكانی جیهاندا گرنگییەكی تایبەتی وەرگرتووە بەم فاكتەرانە تا ڕادەیەكی زۆر بە پۆرترێتی زمانەوانی كەسایەتی دیبلۆمات دیاری دەكرێت واتا دەبێت دیبلۆمات هەگبەیەكی پڕی لە دەستەواژە زمانەوانییەكان پێ بێت.
هەروەها نووسەر (م.هاوكار حمەفەرەج) باس لە گرنگی دانانی كتێبەكەی كرد و كە بۆ یەكەم جار بە زمانی شیرینی كوردی فەرهەنگ لە بواری دیبلۆماسیەت ئامادە بكرێت، بەڕێزیان هیوای ئەوەی خواست كە ئەم بەرهەمە زانستییەی ببێتە سەرچاوەیەك هەم لە بواری ئەكادیمی و هەم لە بواری پراكتیكی سیاسی و دیبلۆماسی سوودی لێ ببینرێت،
لەکۆتایدا ئامادەبووان، بەسەرنج و پرسیارەکانیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەنترکرد و لەنێوان ئامادەبووان و (م.هاوكار حمەفەرەج) گفتوگۆیەكی زانستی بۆ بابەتەكە ئەنجامدرا. دوای کۆتایی هاتنی چالاكییەكە، سوپاس و پێزانینی سەرۆكایەتی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، بەخشرا بە بەڕێزیان و هەروەها شایەنی باسە نووسەر بە واژووی خۆی کتێبەکەی کردە دیاری بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە و سوپاسی بەشی دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی كۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیییەكان لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی کرد، بۆ ڕێکخستنی کۆڕ و چالاکی زانستی و ڕۆشنبیری لەو جۆرە.