ئەمڕۆ زانکۆى لوبنانى فەڕەنسى لە یادی ساڵڕۆژی (٢٤ی٤ی١٩٧٤) بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ وۆڕکشۆپێکى لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی زانکۆ لە بنیاتنانەوەی نیشتیماندا)

ئەمڕۆ زانکۆى لوبنانى فەڕەنسى کۆلێژى پەروەردەو زمان،بەشى زمانى کوردى،بە بۆنەى،ساڵڕۆژی بۆردومانكردن و خۆپیشاندانی (24ی نیسانی 1974 و 1982)ی شاری قەڵادزێ و رۆژی شەهیدی زانكۆدا،وۆڕکشۆپێکى بەبۆنەى ئەم یادەوە ڕێک خست بەناونیشانى(ڕۆڵى زانکۆ لەبنیاتنانەوەى نیشتیماندا) بۆ بەڕێزان (دکتۆر قادر پشدەرى مامۆستاى زانکۆو دکتۆر چواس حسن مامۆستاى زانکۆو ڕاوێژکار لەپەڕلەمانى کوردستان) سەرەتا مامۆستا موحەممەد قۆڵمارفى ڕێکخەرى ئەم وۆڕکشۆپە وتارێکى پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەى بەوەکرد کە،خەڵكی تێكۆشەرو شۆڕشگێڕی دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ، هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد دابوون لەباشوری كوردستان، قەڵادزێ كانگەو لانكە شۆڕش و پشتیوانی شۆڕشگیڕانی گەلەكەی بوە لەمێژودا، هەربۆیە ئەم شارە روبەڕوی چەندین پەلاماری نامرۆیی و نایاسایی بۆتەوە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری سەدام و حكومەتەكەی.
لەدوای گوشار خستنە سەرداخستنی زانكۆی سلێمانی و گواستنەوەی بۆ شاری قەڵادزێ، خەڵكی ناوچەكە شێلگیرانە باوەشیان بۆ زانكۆی سلێمانی كردەوە لەو رۆژە سەختانەدا كە زانكۆی سلێمانی و نەتەوەكەمان دوچاری بوبونەوە، بەوەش قەڵادزێ لاپەڕەیەكی دیكەی خستە سەر مێژووی پڕ لەنەبەردی سنورەكەی، لەهەمبەر ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەی ناوچەكەدا رژێمی بەعسی فاشیست لەبەرەبەیانی رۆژی (٢٤ – ٤ – ١٩٧٤)دا، بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو شاری قەڵادزێی بۆردومانكردو زانكۆی سلێمانی كە بەزانكۆی شۆڕش ناسرابو لەو شارە شەهید كردو لەدەرەنجامدا چەندین قوتابى و مامۆستای شەهیدو برینداركرد. هەروەها چەندین هاوڵاتی سیڤیلی شارەكە شەهیدبون و بەشێكی زۆری شارەكەش خاپوركراو خەڵكی شارەكەش ئاوارەبون.
مێژووی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی كورد شاهیدی جوڵانەوە شۆڕشگێڕییەكانی دەڤەری پشدەر دەدات، هەربۆیە لەدوای خاپوركردنی شاری قەڵادزێ و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی، و لەساڵیادی ئەو تاوان و كارەساتە نامرۆییەدا، خەڵكی شاری قەڵادزێی نەبەرد خۆپیشاندانی جەماوەریان ئەنجامدا، لەرۆژی (٢٤ – ٤ -١٩٨٢)دا بەداخەوە بۆ جاری دوەم رژێمی دیكتاتۆری بەعس كەوتە وێزەی هاوڵاتیانی سیڤیلی شارەكەو دوبارە قەڵادزێ شەهید كرایەوە.
بۆ بەپیرۆز هێشتنەوەی یادەوەری مێژووی پڕ لەسەروەرى و شۆڕشگێڕی دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ، ساڵانە ساڵیادی بۆردومانكردن و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی لەو شارە دەكرێتەوە، هەر بۆ بەشكۆ هێشتنەوەی ئەم مێژووە،هەڵبەتە زانكۆی لوبنانى فەڕەنسى هەروەکو چۆن لەسەر هەموو پرسە جۆراو جۆرەکانی تریشدا خەم خۆرانەو دڵسۆزانە قسەى کردووەو هەوڵیداوە بۆ ساڕێژکردنى ئازارەکانى خەڵکى خۆشەویستى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە
چالاكی جۆراوجۆری زانستی رێكدەخات و لەماوەی ساڵانی رابروشدا چەند كۆنفڕانس لەو یادەدا رێكخستوەو لەداهاتوشدا چەندین چالاكی دیكەی زانستی و ئەكادیمی رێكدەخات.
یادەوەری شۆڕشگێڕی نەتەوەكەمان و شارو گوندەكانی ناوچەكەمان، لەقوڵایی هزرو بیرماندا بۆ هەمیشە زیندون، هەربۆیە لەرۆژی شەهیدی زانكۆدا سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی هەردو كارەساتی خاپوركردنی شاری قەڵادزێ و شەهیدانی زانكۆی سلێمانی دادەنەوێنین. و داواش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە كاری جدی بۆ پڕۆژەكانی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانی دەڤەری پشدەر بكات كە لەئاست خەبات و تێكۆشان و شەهیدانی قەڵادزێ-دا بێت، دواتر هەریەکە لەمیوانانى سەرەکى دیدارەکە لەسەر ئەم بۆنەیە وتاریان پێشکەشکردو تیشکیان خستە سەر گەورەیی ئەو کارەساتەو ئەو ستەم و زۆردارییەى کەڕژێمى بەعس بەسەر خەڵکى ئەو ناوچەیەیی داهێناوە، لە کۆتایشدا ئامادەبووان بەسەرنج و تێبینى و پێشنیارەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەنترکرد.
دەرەنجامى ئەم وۆڕکشۆپە ئەوەبوو….
١-زیندوو کردنەوەى یادو بۆنە نیشتیمانیەکان کە سیمبولى نەتەوەکەمانن
٢-ئاشنابوونى نەوەى ئێستا بەو کارەساتانەى کەبەسەر میللەتى کوردداهاتووە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە هەستى نیشتیمانپەروەرى و نەتەوەیی تاکى کورد بەبەرزى بمێنێتەوە