لە رێکەوتی 27/2/2019 لە زانکۆى لوبنانى فەرەنسی لە هۆڵی کۆنفراسدا سیمنارێکی زانستى بۆ بەڕێز (د. بەشیر حەداد) جێگرى سەرۆکی پەرلەمانى عێراقی فیدراڵ سازکردا

لە پێناو پتەوکردن و دروستکردنى ڕایەڵەیەکى بەهێز لە نێوان ناوەندە زانستىیەکان لەگەڵ ناوەندەکانى بڕیارى وڵات. سەر لەبەیانى ئەمڕۆ 27/2/2019 چوار شەممە کاتژمێر یازدە زانکۆى لوبنانى فەرەنسی لە هۆڵی کۆنفراسەکان، سیمنارێکی زانستى بۆ  بەڕێز (د. بەشیر حەداد) جێگرى سەرۆکی پەرلەمانى عێراقی فیدراڵ سازکرد، هاوکات بەڕێز سەرۆکی زانکۆو یاریدەدەرەکانى و ڕاگران و مامۆستایان و قوتابیان و چەند ئەندام پەرلەمانى عیراقی فیدراڵ و بەرپرسان ئامادەیبوون. 
لەو سیمنارەدا بەڕێزیان لە چەند تەوەرەیەکدا دۆزى سیاسی و یاسایی عیراقی خستەڕوو، لە سەرەتادا باسی لە شکاندنى ئەو تەڵەزمە بەربەستییە هێنا کە کەوتبووە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە دۆزە ناهەموارەکەى نێوان لایەنە عێراقیەکان خۆیان، بەڵام بە سەردانى سەرۆکی هەرێم ئەو تەڵەزمە، شکاو بووە هۆى لێکتێگەیشتن و نزیک بوونەوەى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و پشتگیرییەکى بەهێزیش بوو بۆ حکومەتە نوێیەکەى عیراق. 
لە یەکێک لە تەوەرەکانى تردا باسی لە پەیوەندی ئەرێیانەى نێوان تەبایی سیاسی نێوان لایەنەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشچوونى دەستکەوتەکان لە بەغدا کرا، پەسەند کردنى بۆدجەى هەرێمی کوردستانیشی بە نمونە هێنایەوە. دواتر ئاماژەى بەوە کرد کە ئێستا لایەنە عێراقیەکان مەبەستیانە لە کورد نزیک ببنەوەو ئەو ڕاستییەیان لا چەسپاوە کە عێراق بێ کورد وڵاتێکی ناتەباو نا سەقامگیرە. لەوەش زیاتر ووتى تەنانەت هەندێ لە سیاسەتمەداران کە پێشتر هەڵوێستى زۆر توندیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەبوو، ئێستا بە نیازن نزیک ببنەوەو سەردانى هەرێم بکەن. سەبارەت بە پێشێلکاریەکانى حکومەتى فیدراڵ بۆ ماددە دەستوریەکان کە لە پەنجاو پێنج ماددە زیاترەو کورد زۆر جەختى لەسەر دەکاتەوە، ئێستا ئەو ماددانە بە ماددە کوردیەکان ناسراون.
هەر لەو میانەیەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا باسى لەوە کرد ئێستا نزیکەى لە سەدا شەستى ئەو ڕێوشوێنانە تەواو بوون کە مووچەى شەهیدان و ئەنفالکراوان وەک بەغداى لێبێت و لەلایەن بەغداوە لە ئەستۆ بگیرێ. لە کۆتاییدا ئەوەى دووپات کردەوە کە هەر ڕێوشوێنێک هەبێت ئێمە دەیگرینەوە بەر لە پێناو دەستەبەرکردنى مافەکانى گەلى کوردستان و لەو پێناوەشدا بەدەستورەوە پابەند دەبین.
لە کۆتایی سیمنارەکە، لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی زانکۆى لوبنانى فەڕەنسی د. محمد صدیق خۆشناو و بەڕێز کاک حاجی طلعت یحیى باجگر سەرۆکی دەستەى ئەمیندارانی زانکۆوە بڕوانامە ڕێزلێنان و لۆگۆى زانکۆى پێبەخشرا.


  • Photos
Copyrights @ LFU Erbil, 2017. All rights reserved. Designed and developed by AVESTA GROUP