پیرۆزبای كردنی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی و سەرجەم سەرۆك بەشەكان كۆلێژی پەروەردە و زمان لە راگری كۆلێژی پەروەردە و زمان

ده‌ستاوده‌ستكردنى پرۆسه‌ى گۆرانكارى له‌ پۆستى راگرایه‌تى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ و زمان له‌سه‌ر بونیادى به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و خۆشه‌ویستیدا   
رۆژى 29/11/2018 له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى پڕ له‌ جوانى و خۆشه‌ویستیدا پرۆسه‌ى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى راگرایه‌تى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ و زمان له‌ زانكۆى لوبنانى فه‌ره‌نسى به‌ڕێوه‌چوو. 
به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێز د. عومه‌ر نوره‌دینى سه‌رۆكى زانكۆ به‌ وه‌كاله‌ت و به‌رێز حاجى ته‌لعه‌ت یه‌حیا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئه‌میندارانى زانكۆى لوبنانى فه‌ره‌نسى و سه‌رجه‌م سه‌رۆك به‌شه‌كانى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ و زمان, مه‌راسیمى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى راگرایه‌تى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ و زمان له‌لایه‌ن به‌رێز پ.ى.د. عه‌بدوڵڵا یاسین ئامێدى و به‌رێز پ.ى.د. شه‌ریف مه‌ولود شه‌ریف ئاڵوگۆڕى پێكرا و پ.ى.د. شه‌ریف مه‌ولود شه‌ریف به‌ راگرى تازه‌ى كۆلێژ داندرا. 
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌ره‌تا به‌رێز د. عومه‌ر نوره‌دینى سه‌رۆكى زانكۆ به‌ وه‌كاله‌ت وته‌یه‌كى به‌ نرخى پێشكه‌ش كرد و رۆڵى به‌رێز پ.ى.د. عه‌بدوڵڵا یاسین ئامێدى به‌رز نرخان له‌ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى زانستى و كارگێڕى كۆلێژه‌كه‌ و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى به‌دى هاتوون له‌ ماوه‌ى كاركردنى به‌رێزیان, پاشان ئاماژه‌ى به‌ ته‌مه‌نى پڕ به‌رهه‌مى زانستى و كارگێڕى راگر كرد له‌ ماوه‌ى راپه‌ڕاندنى كاروبارى راگرایه‌تى كۆلێژه‌كه‌, دواجار پیرۆزبایى له‌ به‌رێز پ.ى.د. شه‌ریف مه‌ولود شه‌ریف راگرى نوێى كۆلێژ كرد و ئاماژه‌ى به‌ لێهاتوویى به‌رێز راگرى تازه‌ى كۆلێژى كرد و پاڵپشتى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى بۆ دوپاتكرده‌وه‌ و  هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ هه‌ردوولا خواست. 
دواتر به‌رێز حاجى ته‌لعه‌ت یه‌حیا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئه‌میندارانى زانكۆى لوبنانى فه‌ره‌نسى وته‌یه‌كى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد و باسى گرنگى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ پرۆسه‌ى زانستى و زانكۆ كرد و, ئاماژه‌ى به‌ رۆحى به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و هاوكاریكردن له‌ كاروبارى زانكۆیى دا له‌ به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى زانستى و كارگێڕى زانكۆیى و, ده‌رفه‌تدان و هاتنه‌پێشه‌وه‌ى كه‌سانى دیكه‌ بۆ باشتر به‌رێوه‌چوون و ته‌واوكردنى هه‌نگاوه‌كانى ستراتیژى پلانى زانستى زانكۆ و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زیاترى زانكۆ.  
دواتر هه‌ردوو راگرى پێشوو و راگرى تازه‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى پڕ له‌ خۆشیى و خه‌نده‌بارانه‌وه‌ و به‌رۆحێكى له‌خۆبووردوویى و مۆڕاڵێكى به‌رزه‌وه‌ وته‌ى خۆیان پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌یان به‌ هاوكارى و پاڵپشتى یه‌كترى كرد له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى زانستى كۆلێژ, دواجار ده‌ستله‌ملانێى یه‌كتریان كرد و پیرۆزباییان له‌ یه‌كتر كرد.
له‌ پاشاندا به‌رێز پ.ى.د. كوردستان موكریانى به‌ناوى سه‌رجه‌م سه‌رۆك به‌شه‌كانه‌وه‌ وتارێكى پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌ رۆڵى به‌رێز پ.ى.د. عه‌بدوڵڵا یاسین ئامێدى كرد له‌ به‌ره‌وپێشبردنى ئاستى كۆلێژ و به‌رێوه‌بردنى كاروبارى رۆژانه‌ى كۆلێژ به‌شێوه‌یه‌كى شارستانییانه‌. 
له‌ كۆتاییدا سوپاسنامه‌ى رێزنان له‌ ته‌مه‌نى پڕبه‌رهه‌مى ئه‌كادیمییانه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌رێز پ.ى.د. عه‌بدوڵڵا یاسین ئامێدى كرا. له‌ هه‌مانكاتدا پرۆزبایى له‌ پ.ى.د. شه‌ریف مه‌ولود شه‌ریف راگرى تازه‌ كرا.  

          
زانكۆى لوبنانی فه‌ره‌نسی
29/11/2018


  • Photos
Copyrights @ LFU Erbil, 2017. All rights reserved. Designed and developed by AVESTA GROUP